
خۆرهه‌ڵات نیوز: دوكتور عه‌لیره‌زا نه‌زمی ئه‌فشار، ئه‌و توركه شۆڤینییه‌ی كه له سایه‌ی حیزبه كوردییه‌كان و كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ دا له ناو توركه‌كانی ئێران دا ناوبانگی ده‌ركردووه، له نامه‌یه‌ك دا بۆ كۆنگره‌ی ناوبراو زۆر به توندی هێرشی كردۆته سه‌ر كورد و ره‌خنه له گۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ ده‌گرێ كه بۆچی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیان مه‌حكووم كردووه.
نه‌زمی ئه‌فشار هه‌ر له سه‌ره‌تای نامه‌كه‌ی دا ئه‌و راگه‌یاندراوه به دژایه‌تیی پان فارسیستی و گاڵته‌جاڕیانه‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ له‌گه‌ڵ تور‌كان ناوزه‌د ده‌كات و ده‌ڵێ:
"من پێم وابوو ئه‌و كۆنگره‌یه بۆ خه‌باتی خه‌ڵكانی ناو ئێران و دابین كردنی مافی نه‌ته‌وه سته‌م لێكراوه‌كانی ئێرانه. ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه له سه‌ره‌تایی ترین مافی ئینسانی و كولتووری و ئابووری خۆیان بێبه‌شن. من پێم وا بوو به بێ ئاماده بوون و پشتگیریی نوێنه‌رێك له لایه‌ن 35 ملیۆن توركی ئێرانه‌وه ئه‌و كۆنگره‌یه پشتیوان و ئیعتیباری پێویستی نابێت."
نه‌زمی ئه‌فشار له درێژه دا حیزبه كوردییه‌كانی ناو ئه‌و كۆنگره‌یه به هه‌ل په‌ره‌ست و گاڵته‌جاڕی ده‌ستی ئه‌كته‌ره نه‌خوازراوه‌كانی ناوچه (مه‌به‌ستی ئه‌مریكایه) له قه‌ڵه‌م داوه و نووسیویه‌تی: "نه‌مده‌زانی كه گروپگه‌لێكی هه‌لپه‌ره‌ست، به شاراوه‌یی یا ده‌ستیان له ناو ده‌ستی گڵاوی ده‌ستدرێژیكه‌رانی دێرینی سه‌ر مافه‌كانی ئێمه دایه، یا گاڵته‌جاڕی ئه‌كته‌ره نه‌خوازراوه‌كانی ناوچه‌كه‌ن و بۆ داهاتووی خولیایی خۆیان نه‌خشه و خه‌یاڵی خاویان له سه‌ردایه."
نه‌زمی ئه‌فشار له درێژه دا په‌كه‌كه‌ی به گروپێكی تیرۆریستی ناوزه‌د كردووه و نووسیوێتی: "گروپی كرێكاریی تیرۆریستیی په‌كه‌كه، به دانپیانانی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ته‌كانی جیهان، رێكخراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه كه ئێستاش ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كانی له گوێی كه‌س نه‌چۆته ده‌رێ و بۆنی باڕووتی بۆمبه‌كانیان له لووتی كه‌س ده‌رنه‌چووه و ره‌نگی ئه‌و خوێنانه‌ی كه رشتوویانه له چاوی كه‌س دا نه‌سڕدراوه‌ته‌وه"
له درێژه‌ی ئه‌و نامه‌یه دا نه‌زمی ئه‌فشار كوردستانی گه‌وره‌ی به ئاره‌زوویه‌كی مه‌حاڵ ناوزه‌د كردووه كه كورده‌كان ده‌خوازن به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چوار وڵاتی دێرین و به ته‌مه‌نی ئیسلامی و له ناو بردنی ژیاری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه ده‌ستی بێنن و نوسیویه‌تی: "دۆستان و برایانی كوردی ئێمه ئه‌گه‌ریش ئاره‌زووی مه‌حاڵی كوردستانی گه‌وره‌یان له سه‌ردایه به ته‌مان به‌ڵكوو به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چوار وڵاتی دێرین و به ته‌مه‌نی ئیسلامی و له ناو بردنی ژیاری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست شتێك به شتێك ببێ و سیاسه‌ت بازانی ناوچه‌كه، جیهانی 400 ملیۆنیی تورك و 300 ملیۆنیی عه‌ره‌ب، به هه‌موو پێداویستییه دوولایه‌نه‌كانه‌وه، له ناوچه نه‌وتییه‌كانی كه‌نداوه‌وه تا ده‌ریای هه‌میشه توركی خه‌زه‌ر، به هیچ و پووچ بفرۆشن، دیسانیش پێویسته له چوارچێوه‌ی ئه‌و كۆنگره‌یه دا بیره به‌رزه‌فڕانه‌كانی خۆیان به بابه‌تی تایبه‌ت به ئێران و مافی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانه‌وه به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه."
نه‌زمی ئه‌فشار له درێژه دا پێی وایه كه ئیدانه كردنی كرده‌وه‌كانی توركیا له نزیك سنووره‌كانی خۆی بۆ كۆنترۆلی كرده‌وه (به وته‌ی ئه‌و) تیرۆریستییه‌كان، خۆی له خۆی دا بوونی ئه‌مریكا له عێراق و رووخاندنی حكومه‌تی سه‌دام ئیدانه ده‌كات و دروست بوونی حكومه‌تی كوردستان به ده‌ره‌نجامی ده‌ستدرێژی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و هه‌ر بۆیه ئه‌و حكوومه‌ته‌ش له ئیعتیبار ده‌خات. هه‌روه‌ها پێی وایه كه ئه‌و ئیدانه كردنه، بوونی ئیسراییل له (به وته‌ی ئه‌و) باكووری عێراق و په‌روه‌رده‌ی سه‌ربازی و چه‌كداری ئه‌وان به ده‌ستدرێژی دێنێته به‌رچاو و پێی وایه كه له جیهانی گلوبالیزه كراوی ئێستا دا هیچ سنوورێك بۆ داڵده‌دانی تیرۆریستان ئیعتیباری نامێنێ.
نه‌زمی ئه‌فشار له درێژه دا هێرش ده‌كاته سه‌ر سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و له كاتێكدا كه ناوی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ برای گیان به‌خت كردووی ناوبراو لێ شێواوه نووسیویه‌تی: "بۆچی ئه‌و كاته‌ی كه ئیدریس بارزانی فه‌رمانی كوشتن و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی توركمانی كه‌ركووكی به‌و شێوه ناشیرینه ده‌ركرد كه ته‌نانه‌ت خوداكانی وه‌دیهێنه‌ری ئه‌ویش ئیدانه‌ی ده‌كه‌ن و مه‌جبووری ده‌كه‌ن جه‌ریمه بدا، بۆ ئێمه بێده‌نگین؟ بۆچی له به‌رامبه‌ر جینایه‌تی به‌رده‌وامی ره‌شه‌كوژی و گۆڕینی دیمۆگرافی كه‌ركوك (له لایه‌ن كوردانه‌وه) ئه‌و كۆنگره‌یه هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌ك ده‌رنابڕێ؟ ئایا ئه‌مڕۆ دژایه‌تیی كردنی تور‌كان و سبه‌ینێ دژایه‌تی عه‌ره‌به‌كان و دووسبه‌ی به‌هه‌شتی كوڕه‌مامه‌كانی ئاریایی (مه‌به‌ست كورد و فارسه) و سه‌رده‌می له‌ناوچوونی عه‌ره‌ب و تورك نییه؟"
ئه‌و له كۆتایی دا به وه‌بیر هێنانه‌وه و گله‌یی له‌وه‌ی كه له راپۆرتێكی ئه‌و كۆنگره‌یه دا نووسراوه رێژه‌ی كورد و تورك له ئێران به‌قه‌د یه‌كتره، هۆشداری ده‌دا كه نه‌هێڵن ئه‌و كۆنگره‌یه ببێته گاڵته‌جاڕی هێندێك كه‌سی گومان لێكراو.