خۆرهه‌ڵات نیوز: عه‌لی باباجان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه له تاران به سه‌ر ده‌بات، له كۆنفڕانسێكی خه‌به‌ریی دا له‌گه‌ڵ مه‌نوچێهر موته‌كی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، وتی: ئێمه به توندی دژی كاریگه‌ریی هێزه‌كانی رۆژئاواین له باكووری عێراق (هه‌رێمی كوردستان) و باكووری عێراق به به‌شێك له خاكی عێراق ده‌زانین.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به ئاماژه به به‌ربه‌ره‌كانی له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و پێی ده‌ڵێ، "تیرۆریزمێك كه له خاكی عێراقه‌وه بۆ ئامانجه‌كانی له توركیا كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ" وتی: شه‌ڕی ئێمه له‌گه‌ڵ عێراق نییه و ئێمه له‌گه‌ڵ تیرۆریزمه له خاكی عێراقدا و بۆیه بۆ سه‌ركوتكردنی تیرۆر ده‌بێ هه‌موو دنیا یه‌كبگرن.
عه‌لی باباجان رایگه‌یاند: توركیا سووره له سه‌ر به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له گه‌ڵ په‌كه‌كه و هه‌موو میكانیزمێكی پێویست دژی تیرۆر به كار ده‌به‌ین و له هه‌موو كات و شوێنێكی دیاریكراو به كاری ده‌هێنین و داوا له دۆستانمان ده‌كه‌ین كه له‌مباره‌یه‌وه هاوكارمان بن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له كۆتایی قسه‌كانیدا وێڕای ئه‌وه‌ی كه سوپاسی ئێرانی كرد بۆ هاوكاریكردنیان و به‌ره‌نگار بوونه‌وه له گه‌ڵ هێزه‌كانی په‌كه‌كه دا، به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوای له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش كرد بۆ ئه‌و كۆنفڕانسه‌ی كه به وته‌ی باباجان قه‌راره حه‌وتووی داهاتوو له نێوان وڵاتانی هاوسێی عێراق له ئه‌سته‌موڵی توركیا ده‌گیرێ.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش له‌و كۆنفڕانسه خه‌به‌رییه دا وتی: ئێمه هێرشه تیرۆریستییه‌كانی په‌كه‌كه مه‌حكوم ده‌كه‌ین و خۆمان به هاوده‌ردی بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌كان توركیا ده‌زانین. موته‌كی له سه‌ر پێویستی هه‌نگاو نانی هه‌رچی زووتری به‌ره‌نگار بوونه‌وه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ناوی نا كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و دژایه‌تی له گه‌ڵ تیرۆریزم پێداگری كرده‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به ئاماژه به‌وه‌ی كه فه‌رق ناكات كه ئه‌و كرده‌وانه له لایه‌ن په‌كه‌كه یان پژاك یا منافقین یان هه‌ر تاقمێكی تر ئه‌نجام ده‌درێت وتی: وتووێژه‌كانی دوو لایه‌نه و هاوكارییه ناوچه‌ییه‌كان ده‌بێ ببێته هۆی وه‌ستاندنی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان.
شایانی باسه وڵاتانێكی كه به‌شێكی زۆری خاكی كوردستانیانیان داگیر كردووه، به‌رده‌وام له دژایه‌تی كرنی كوردان یه‌ك هه‌ڵوێستن و هه‌میشه زۆر یه‌ك له ناكۆكییه‌كانیان به خاتری سه‌ركوتكردنی كوردان ده‌خه‌نه لاوه.
ئه‌وه له حاڵێك دایه كه میلله‌تی كورد هه‌میشه ویستوویه‌تی له رێگای ئاشتی و دیالۆگه‌وه‌و داوای مافه‌كانی خۆی بكات، به‌ڵام له لای ئه‌و وڵاتانه‌وه كه بۆ خۆیان به‌شێكن له تۆڕی تیرۆریزمی جیهانی به‌رده‌وام هه‌وڵ دراوه كه داوا ره‌واكانی شۆڕشگێڕه كورده‌كان و نه‌ته‌وه‌ی كورد به جۆرێك چه‌واشه‌ی بكه‌ن و ره‌نگێكی ناشیرینی پێ بده‌ن.
No comments:
Post a Comment