Tuesday, October 30, 2007

سه‌رۆكی كوردستان: له‌ رێگای ناڕاسته‌خۆوه‌ هه‌وڵدراوه‌ سه‌ربازه‌كانی توركیا ئازاد بکرین




PNA –په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ به‌داخراوی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی كوردستان (مه‌سعود بارزانی) ئه‌نجامدا و دواتر سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌شداریان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا كرد و له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی كوردستان گووتی:"پێمان خۆشه‌ سه‌ربازه‌ دیله‌كانی سوپای توركیا ئازاد بكرێن كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) ده‌ست به‌سه‌رن"، ئاشكراشی كرد كه‌ له‌ رێگای ناڕاسته‌خۆوه‌ هه‌ندێك هه‌وڵدراون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ ئازاد بكرێن.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێم دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه‌ نین بۆ توركیا و ده‌ستی ئاشتی بۆیان درێژ ده‌كه‌ین، به‌ڵام زمانی هه‌ڕه‌شه‌ش قبوڵ ناكه‌ین ئه‌و كێشه‌یه‌ش پێویسته‌ به‌ رێگه‌ چاره‌یه‌كی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت".
له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان "عه‌دنان موفتی" رایگه‌یاند كه‌ شاندێكی كوردی ده‌چێته‌ به‌غدا بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی به‌مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌یه‌ك له‌مه‌ڕ ئه‌و بارگرژییه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ توركیا دا هه‌یه‌، چونكه‌ حكومه‌تی عێراق به‌رپرسه‌ له‌ پاراستن و به‌رگریكردن له‌ سه‌روه‌ری و سنووری عێراق دا .
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردسانیش ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بوون و رای خۆیان ده‌ربڕی.

No comments: