Friday, October 26, 2007

کوردستانی - مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ رۆلێكی كاریگه‌رترمان له‌ دانووستانه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بێت


Peyamner PNA- له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی بی بی سی به‌ریتانی، مه‌سرور بارزانی سه‌ركی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ حكومه‌تی عێراقی فیدرال، ده‌یه‌وێ رۆلێكی كاریگه‌رتر له‌ دانووستانه‌كانی ئاشتی له‌گه‌ڵ توركیا ببینێت، راشیگه‌یاند كه‌ چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه‌ كه‌ كۆتایی به‌ كێشه‌كه‌ بێنێت جێی ره‌زامه‌ندی گشت لایه‌كه‌.

سه‌رۆكی ئاژانسی گشتی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان گوتی : سه‌ره‌ڕای جموجۆڵه‌كانی سه‌رسنووری سوپای توركیا ، هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ر و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و بارگرژییه‌ به‌رده‌وامه‌ .
له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ( بی . بی . سی ) مه‌سروور بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ هێشتا تۆپبارانكردنی گونده‌ سنوورییه‌كان به‌رده‌وامه‌ و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ش روویان له‌ شار و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر كردووه‌.
له‌ وه‌ڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه‌ ، مه‌سروور بارزانی بوونی هه‌رچه‌شنه‌ پێوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان ره‌تكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كێشه‌كه‌ لێره‌یه‌ كه‌ ئایا ئه‌وه‌نده‌ نیاز له‌ ئارادایه‌ كه‌ رێگه‌چاره‌یه‌كی دیپلۆماسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌ ، و گوتی :
ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ رۆلێكی كاریگه‌ر بگێڕین و ده‌بێ بخرێینه‌ ناو ئه‌و پرۆسه‌ ئاشتییه‌ كه‌ زۆر پێویسته‌.
ده‌رباره‌ی گفتوگۆكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌ باره‌ی كێشه‌كه‌ش سه‌رۆكی ئاژانسی گشتی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كۆك بوونی هه‌موو لایه‌كی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاشتیانه‌ی كێشه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌ و چاره‌سه‌رێكی هه‌میشه‌یی كه‌ كۆتایی به‌ كێشه‌كه‌ بێنێت به‌ جێی ره‌زامه‌ندی دانا.
مه‌سروور بارزانی گوتی :
ئێستا پێویسته‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رئه‌نجامی كێشه‌یه‌كی سیاسی بكه‌ین كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بوونی له‌ توركیا هه‌یه‌ و كێشه‌كه‌ هه‌نارده‌ی هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه‌ كراوه‌ ، ئه‌مانه‌ راستییه‌كن كه‌ پێویسته‌ بزانرێت ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پیمان بكرێت بیكه‌ین پشت به‌وه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ تا چ راده‌یه‌ك توركیا به‌ دوای چاره‌سه‌رێكدا ده‌گڕێت كه‌ كۆتایی به‌ كێشه‌كه‌ بێنێت.

No comments: